بەرنامەی هەنگاو بە هەنگاو لە فێرگه‌ی کۆسرەت / کۆیە - ئازادی

 

ڕاپۆرتی ژمارە 2 / به‌هاری 2011

دوای دەستپێکردنی بەرنامەکە و هەست کردن بەگۆڕانکاریەکان لە فێرگه‌ خێزانەکانیش هەستیان بە گۆڕانکاری منداڵەکانیان دەکـرد و نامەیان بۆ ڕەوانە دەکردین و خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بۆ پیادەکردنی ئەم بەرنامەیە و هەندێک لە خێزانەکان دەهاتن بۆ سەردانی کردنی فێرگه‌ و پۆلەکانی وانەکە بەتایبەتی و زۆر دڵخۆش دەبوون بەوەی منداڵەکانیان فێری ئەم هونەرانە دەبن.

منداڵەکان زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوون کە وانەی «هەنگاو بە هەنگاو» یان هەبوو، پەیوەندیەکی وه‌ها دروست ببوو لە نێوان فێرخوازان و مامۆستای وانەکە ئەگەر قوتابی هەر قسە و کێشەیەکی هەبوایە لە مامۆستای ئەم وانەیە بترازایه‌ بە کەسی تری نەدەوت. مامۆستایانیش زۆر بەپەرۆشەوە کارەکانیان بۆ جێبەجێ دەکردن و تایبەتمەند و نهێنیپارێز بوون و فێرخوازان متمانەیان پێیان بوو.

لەبەر ئەوەی پەیمانمان پێدابوون لە ناوەڕاستی مانگی چوار دەستمان کرد بە گەشت بۆ فێرخوازان بۆ شوێنی سه‌رنجڕاکێش. سه‌رله‌به‌ر 34 پۆل بوون که‌ دەکاتە 1115 فێرخواز بەشداری گەشتەکەیان کرد، بەڕێوەبەری پەروەردە زۆر یارمەتی داین و ڕۆژانە 3 کۆستەری بۆ ڕِِِِەوانە دەکردین و زۆر بەسەرکەوتوویی گەشتەکانمان ئەنجام دا، کاتی سەردانی شوێنەکان به‌ڕێوه‌به‌ران و تەنانەت شوفێری کۆستەرەکانیش پێیان ڕادەگەیاندین کە فێرخوازەکانمان هێمن و ئارام ترن وەک لە فێرخوازانی فێرگه‌کانی تر کە سەردانی ئەم شوێنانەیان کردووە. ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییانەی کە سەردانی مامۆستایانی فێرگه‌کەیان دەکردین پێیان ڕادەگەیاندین کە فێرگه‌کەمان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە وەک لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕووی هێمنی و بەرەوپێشچوونی ئاستی زیرەکی فێرخوازان هەر بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستا ڕەنج حمد قادر بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەو مامۆستا حسن فەرەج سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەیی سەردانیان کردین و دەست خۆشیان لێ کردین و ڕێزو سوپاسیان ئاراستە کردین و زۆر خۆشحاڵ بوون.

ئێمه‌ی مامۆستا و کارمه‌ندانی «فێرگه‌ی کۆسره‌ت» وه‌ک ئه‌ندام له‌ «په‌یوه‌ستی کۆمه‌ک» ـدا – به‌ جوانترین و تازه‌ترین شێواز و ته‌کنیکی فێرکاری، هه‌رده‌م لە خزمه‌ت منداڵ و خێزانی ئه‌م شاره‌ شکۆمه‌نده‌داین.

له‌ ئێمه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی ڕیز و خۆشه‌یستی بۆ دڵسۆزانی میلله‌ت و نیشتیمان

 

شاد و سەرفه‌رازبن
سکاڵا حمد امین اسماعیل
یاریدەدەری فێرگه‌ی کۆسرەت
کۆیه‌ / کوردستان 11/5/2011